کوشندەترین یاسای نەنووسراو لە کۆمپانیاکەتدا: یاسای "گوناحە"یە...!
کوشندەترین یاسای نەنووسراو لە کۆمپانیاکەتدا: یاسای "گوناحە"یە...!
لەناو هەموو کۆمپانیایەکدا، یاسایەکی شاراوە هەیە کە لە هەموو سیاسەت و ڕێنماییە نووسراوەکان بەهێزترە. ئەم یاسایە بڕیار لەسەر دامەزراندن و هاندان و سزا و پلە بەرزکردنەوە و تەنانەت مانەوەی کارمەندەکانیش دەدات.
ئەویش یاسای ترسناکی ( گوناحە )یە.
"تازە هاوسەرگیری کردووە، گوناحە، با دایبمەزرێنین."
"باوکی کۆچی دوایی کردووە، گوناحە، با کاری بدەینێ با خەمەکەی لەبیر بکات."
"ئەنجامی کارەکانی زۆر لاوازە، بەڵام کەسێکی هەستیارە، گوناحە، با ڕاستەوخۆ پێی نەڵێین."
"تازە هاتووەتە ئێرە، با ورەی نەشکێنین، گوناحە، نمرەی باشی پێبدەین."
"هەمیشە ماندوو دیارە، گوناحە، با ئەرکە قورسەکان بدەین بە کەسانی تر."
"دڵسۆزە بەڵام لێهاتوو نییە، گوناحە، پلەی بەرز بکەینەوە."
"چەند ساڵە هیچ پێشکەوتنێکی نەکردووە، بەڵام بۆ کوێ بڕوات؟ گوناحە، با وازی لێبێنین."
"با نانی نەبڕین، گوناحە، هەڵەیەکی بچووک بوو."
چەندین گوناحەی تریش
ئەم "یاسایە" ژەهرێکی بێدەنگە کە ناوە زانستییەکەی (هەڵەی سۆزداری)ـە. کاتێک بەزەیی جێگەی لێهاتوویی دەگرێتەوە، گەورەترین زیان بە کۆمپانیاکەت دەگەیەنێت.
سەرئەنجامی ئەمە دەگات بەکوێ ؟
یەکەم / لەناوبردنی ورەی باشترینەکان: ئەو کارمەندە بەتوانایانەی دەبینن هەوڵ و ماندووبوونیان هیچ بەهایەکی نییە لەچاو "گوناحی" کەسێکی تردا، وردە وردە سارد دەبنەوە و دەڕۆن.
دووەم / دروستکردنی ژینگەیەکی نادادپەروەر: هەستی غەدر و جیاکاری بڵاودەبێتەوە.
سێیەم / داکشانی کوالێتی و ئەنجامەکان: کاتێک شایستەیی بووە قوربانیی بەزەیی، ئەنجامەکان دادەبەزن.
کەلتووری بەهێز بە بەزەیی دروست نابێت، بەڵکو بە دادپەروەری دروست دەبێت. بەڕێوەبەری بوێر ئەو کەسەیە کە بڕیاری ڕاست دەدات، نەک بڕیاری ئاسان.
یارمەتیدانی مرۆیی ئەرکێکی ئەخلاقییە، بەڵام بەڕێوەبردنی پیشەییانە پێویستی بە پێوەری ڕوون هەیە. تێکەڵکردنیان، زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.